"چەوت بەکارهێنان و "سواستفادە" لە ڕۆشنگەری" دەبێتە هۆی لاوازی هەستی [بەرپرسیاریەتی] و ئەخڵاق، دەبێتە هۆی سەرسەختی و لە خۆبایی بوون /ئیگۆیزم و شپرزەیی و هەرج و مەرج. چەوت بەکارهێنانی کولتوور دەبێتە هۆی زێدەڕۆیی، خۆخوری و سووک بوون/گوێڕایەڵی و خورافات و کۆیلەیی.
لەو شوێنەی ڕۆشنگەری و کولتوور [هاوتەریب] و بە یەک خێرایی بەردەوام بن؛ لەوێ باشترین پارێزەر وپشتیوانی یەکدین لە بەرامبەر گەندەڵیدا."
Moses Mendelssohn
سەعات سێ نیوەشەوە، لە پڕ بە دەنگی مۆبایلەکە رائەچڵەکم، زۆربەی کات مۆبایلەکە لە سەر بێدەنگییە، نازانم ئێستە بۆ وەها دەنگی بەرز بوو.
بە دەم خەوە سەیرم کرد بینیم بەڕێوەبەری ماڵی „بزاڤی رۆشنگەری ژنانی کوردستان" ئیمەیلی نارد بۆم. لە بەر خۆمەوە وتم: ماڵت ئاوەدان کلەوس ئێستە چ وەخت ئیمەیل ناردنە؟
سەرەنجی ناونیشانی ئیمەیلەکەم دا، نووسیبووی: "ماندووی؟ ئێمە بە دڵنیاییەوە سەرکەوتوو دەبین."
ئیمەیلەکەم کردەوە، بینیم وەکوو هەمیشە چەند فایلی پی دی ئێفی پێکەوە ناردووە و نووسیبووی: ئاخری ڕاپۆرتی ماڵی کۆنفرانسی هانۆفەر2023 تەواو بوو، پێویستە بنێردرێ بۆ هەموو سپۆنسەرەکان.
پاشان وتبووی: بیر لەوە بکەرەو سەرەتای ساڵی تازە قەرارە لەگەڵ دوو سپۆنسەر سەبارەت بە پرۆژەکانی ساڵی 2024 قسە بکەین، کەوابوو ماندوویەتی مانای نییە.
ئەگەرچی نزیک 2 ساڵ لە بواری Projektmanagement خوێندبووم و بەڕێوەبەری چەند پڕۆژەی خوێندکاری بووم لە زانکۆ لەگەڵ تیمی 7-10 کەسی و هەروەها زیاتر لە 12 ساڵە بەردەوام پێشانگای تاکەکەسی و گرووپیم هەبووە، بەڵام رێکخستن و بەڕێوەبەری کۆنفرانسی هانۆڤەر2023 زۆر جیاواز و پڕ زەحمەت بوو بە تایبەت کاتێ هاوکات لەگەڵ دوو تیمی جیاواز کورد و ئاڵمانی، یەکیان بە شێوەی ئۆنلاین و ئەویتریان لە نزیکەوە کارم دەکرد.
ئامانج لە نووسینی ئەم رستانە چییە؟ لە ڕاستیدا بەرپرسیاریەتی لە ئەستۆ گرتن و بەڕێوەبردنی پرۆژەیەکی وەها لە مەودا زەمانییەکی ئێجگار کەمدا کارێکی ئاسان نەبوو، بە تایبەت کاتێ لە سیستەمێکی بیرۆکراتی وەکوو ئێرە بۆ دۆزینەوە و پێوەندی گرتن لەگەڵ سپۆنسەر دەبوو"حەوت خانی رۆسەم" تێپەڕێنی.
ئێمە لەگەڵ هاوڕێیانی بزاڤدا بڕیارمان دا بوو کە کۆنفڕانسی ساڵانەمان هەبێ، هەر ساڵێ لە یەک وڵات، بەڵام ئاگاداری ئەوە نەبووین کە هەر وڵاتێ قانوون و ڕێسای خۆی هەیە بۆ بوودجە تەرخان کردن، یانی ئەگەر لە ئاڵمان و شاری هانۆفەر کۆنفرانسی 2023 بەڕێوە دەچێ؛
یەک: پێویستە رێکخراو بە شێوەی فەرمی دامەزرابێ.
دوو: بوودجەی دیاریکراو تەنیا بۆ ئەو پڕۆژەیەیە لەو شارە. یانی ناتوانی ئەو بوودجەیە تەرخان بکرێ بۆ پرۆژەیەکی دیکە لە کات و شوێنی تر دا.
بۆ دڵنیایی پێم باشە ئاماژ بکەمە بە خاڵێکی گرنگی تر، ئەویش ئەوەیە، سپۆنسەرەکان لە قۆناخی یەکەمدا تەنیا کۆنسێپتی پڕۆژەکە دەبینن، یانی لە چەند کۆبوونەوەدا دەبوو کۆنسێپتی پڕۆژەکە بناسێنین و شیمان کردباتەو کە کێن و بە چ مەبەست و ئامانجێ ئەمانەوێ ئەم کارە بکەین، کاتێ کۆنسێپتی پڕۆژەکە قبووڵ کرا، پاشان بە ووردی دەڵی کە چ بوودجەیێ پێویستە بۆ پرۆژەکە، بۆیە باسی ئەکەم، بۆ ئەوەی بزانرێ هیچ "سواستفاده" یەک لە هیچ ناوێ بۆ مەبەستی دۆزینەوەی سپۆنسەر نەکراوە و ناکرێ.
ئامانجی ئەم کۆنفڕانسە رەخساندنی فەزایەکی سالم بوو بۆ دیالۆگ و گفتووگۆ سەبارەت بە پرسە سەرەکییەکانی شوڕشی ژینا و هەروەها راڤە و شرۆڤە و خەسارناسی ئەم دۆخە لەم ساڵ و چەند مانگەدا لە چەند پرسپێکتیڤی جیاوازەوە.
کۆنفڕانسەکە پێکهاتبوو لە ٨ پەنێل، لە هەر پەنێلدا ٢ میوان بابەتەکانیان پێشکەش کرد، هەوڵ درا شێوەی بەرێوەبەری پەنێلەکان بە پێی مێتۆد و تەکنیکی نوێی بێ، بۆ ئەوەی خۆ ببوێرین لە پێشکەش کردنی تەنیا وتار لە لایەن میوانەکان، بەڵکوو هاوکات بۆ پێکهێنانی دیالۆگ و گفتووگۆ و پرۆدۆکتیڤ بوونی زیاتر بەشداربووانیش بە پرسیار و بیرو ڕایان لە پەنێلەکاندا بەشدار بن.
لایەنی ماڵی ئەم پرۆژەیە چەند ناوەند و رێکخراوی کوولتووری شاری هانۆفەر و ئیالەتی نیدرزاکسنەوە سپۆنسەریان لە ئەستۆ گرتبوو.
هەروەها بۆ ئەوەی رێکخراو بتوانێ لە رووی ئابوورییەوە سەربەخۆ بەردەوام بێ، بیر لەوە کرابوو کە بەرهەمەکانی بە نرخێکی گۆنجاو و دیاریکراو بڵاو بکاتەو، بۆیە چون پرۆژەکانی ئەمساڵ بۆ یەکەمجار لەم کۆنفڕانسەدا بڵاو بوونەوە بەباشی زانی بەشداری لەم کۆنفڕانسەدا بە تیکێت بێ.
بڕی دیاریکراو بۆ کۆنفڕانسی هانۆفەر 2023، 9.220 یوورۆ بوو، کە بە کورتی بۆ ئەو مەبەستانە خەرج کرا:
"هەزینەی هۆتێل سێ* شەو، تیکێتی هاتوچوو بۆ دەرەوەی ئاڵمان و ناوخۆ، خواردن و خواردنەوە سێ ژەم لە سێ* رۆژدا هەزینەی تەکنیک و تەکنیسیەن، دەنگ و ڕووناکی، ریکلام و پۆستەر، هەزینەی تیمی فیلمبرداری بۆ فیلمی دیکۆمێنتاریی „سارا”".
کۆنفڕانسەکە بۆ سەرکەوتوو بوو؟ چون توانی لە دەرفەتێکی ئێگجار هەستیار و کورتدا کەسانێکی خاوەن فیکر و ئەندێشە کە خۆیان پەراوێز خستبوو یان پەراوێز خرابوون کۆ بکاتەو.. کەسانێکی شارەزا و یاخی کە لە هیچ چوارچێوەیەکدا بە ئاسانی ناگۆنجێن. سەرکەوتوو بوو، چون یەکەمجار بوو ژنان بە ورەیەکی بەرزەوە خواستەکانیان لە فورمی کۆنفڕانسێکدا دەرئەبڕی، یەکەمجار بوو لە دەرەوەی دەسەڵاتی زاڵی حیزبایەتی و میدیای حیزبییەوە کۆمەڵێ ژن بوێرن بڵێن نا، بوێرن بە هەڵسووکەوتیان بە پرەنسیپیان بڵێن ئەوە ئێمەین هەڵئەبژێرین و بڕیاری لە سەر ئەدەین. سەرکەتوو بوو، چون لە دۆخێکی سیاسی ژەهراوی و دۆڕاودا چووکی نەدا و دۆش دانەما بەڵکوو وشیارانە هەڵسووکەوتی کرد و دەرفەتێکی رەخساند بۆ فەزایەکی سالم بۆ گفتووگۆ و دیالۆگ و خەسارناسی و گەڕان بە دوای وێژمان و دیسکۆرسی ئالتەرناتیڤدا. سەرکەتوو بوو، چون هەوڵێکی ئینتێلکتووئێلی فەرهەنگییە.
بەڵام ئەوەی جێ داخە، کاتێ سەیری یوتیووبی بزاڤ دەکەی، دەبینی کۆمەڵگای ئێمە چەندە نرخی ئەم هەموو زەحمەت و شەونخۆنییە دەزانن و بەرز ئەینرخێنن؟ هیچ! بەڵام سوور دەزانی ئەم کارانەی کە دەکرێ تەنیا بۆ ئێستە نییە، بەڵکوو بۆ دەیەکان و سەدەکانە، کەوابوو بەوپەڕی باوەڕ بەخۆبوون و ورەی بەرزەوە بەردەوامین لە خەون بینین لەگەڵ کەسانی نوێی.
پرۆژەکانی ساڵی 2024 بە کورتی
یەک: گەشە و دروستکردنی سایت و ئەپی تایبەت بۆ رێکخراوی Brojk
دوو: دامەزراندنی وەشانخانەی تایبەت بۆ چاپ و بڵاوکردنەوەی وەرزنامە و کتێبی نووسین و وەرگێڕان
سێ: بەڕێوەبردن و کردنەوەی پێشانگا بۆ بەرهەمی هۆنەری
چوار: بەرهەمهێنانی فیلمی دیکۆمێنتاری و کورتە فیلم
ئەگەرچی هەنگاوەکانمان بچووک و هێواشە، بەڵام هەوڵمان گەشەی بەردەوامە.