..پێشەکی
کۆنفڕانسەکە بۆ سەرکەوتوو بوو، چون توانی لە دەرفەتێکی ئێگجار هەستیار و کورتدا کەسانێکی خاوەن فیکر و ئەندێشە کە خۆیان پەراوێز خستبوو یان پەراوێز خرابوون کۆ بکاتەو.. کەسانێکی شارەزا و یاخی کە لە هیچ چوارچێوەیەکدا بە ئاسانی ناگۆنجێن. سەرکەوتوو بوو، چون یەکەمین جارە ژنان بە ورەیەکی بەرزەوە خواستەکانیان لە فورمی کۆنفڕانسێکدا دەرئەبڕن، یەکەمجارە لە دەرەوەی دەسەڵاتی زاڵی حیزبایەتی و میدیای حیزبییەوە کۆمەڵێ ژن ئەوێرن بڵێن نا، ئەوێرن بە هەڵسووکەوتیان بە پرەنسیپیان بڵێن ئەوە ئێمەین هەڵئەبژێرین و بڕیاری لە سەر ئەدەین. سەرکەتوو بوو، چون لە دۆخێکی سیاسی ژەهراوی و دۆڕاودا چووکی نەدا و دۆش دانەما بەڵکوو وشیارانە هەڵسووکەوتی کرد و دەرفەتێکی رەخساند بۆ فەزایەکی سالم بۆ گفتووگۆ و دیالۆگ و خەسارناسی و گەڕان بە دوای وێژمان و دیسکۆرسی ئالتەرناتیڤدا. سەرکەتوو بوو، چون هەوڵێکی ئینتێلکتووئێلی فەرهەنگییە.
بۆ  ئێمە هەر ئەم ٥٠ کەسە بەسە لەم کات و قۆناخەدا، چون هەرکام لەو ٥٠ کەسە یانی ٥٠٠ کەس.. ئەوان ئێمە بە ٥٠٠ کەسەکەی دیکە ئەناسێنن لە بیری نەکەین لە پۆزیسیۆنی قوربانییەوە گەیشتووین بە پۆزیسیۆنی تیۆریسیەن و سووژەیەکی خاوەن فیکر و بیر و ڕا.
سەرکەوتن بۆ ئێمە ئەوەیە نە ئاپۆرە!

کۆنفرانسی هانۆفەر ٢٠٢٣
بزاڤی ڕۆشنگەری ژنانی کوردستان لە ڕۆژانی ٢٩ و٣٠.٧. ٢٠٢٣ کۆنفرانسێکی لەژێر ناونیشانی ”کوردستان، پێرسپێکتیڤی نوێی فێمنیستی” لە شاری هانۆفەر لە وڵاتی ئاڵمان پێک هێنا.
بزاڤی رۆشنگەری ژنانی کوردستان» بزاڤێکی هزریی - فەلسەفی، فێمینیستی، سیاسی و ژینگەپارێزییە کە هەوڵ بۆ رۆشنگەری، دادپەروەری و یەکسانی جیندەری، چینایەتی و ئازادی رادەربڕین دەدات بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی نوێ کە تێیدا کەرامەتی مرۆیی و بەها بەرزە مرۆییەکان دەپارێزێ و بەرزدەنرخێنێ. ئەم بزاڤە هەوڵ و تێکۆشانی کۆلێکتیڤی کۆمەڵێک ژنی ناوخۆ و دیاسپۆرایە کە لە بوارە جیاوازەکانی زانستی، سیاسی، فەلسەفی، ژینگەیی، فمێنیسم و دەروونناسی وەکوو رێکخراوێکی مەدەنی لە پێناو گەشەی زانستی، فیکری، کوولتووری، کۆمەڵایەتی و سیاسی بۆ تووێژ و تەمەنە جیاوازەکان کار و تێکۆشان دەکات.
ئامانجی ئەم کۆنفڕانسە رەخساندنی فەزایەکی سالم بوو بۆ دیالۆگ و گفتووگۆ سەبارەت بە پرسە سەرەکییەکانی شوڕشی ژینا و هەروەها راڤە و شرۆڤە و خەسارناسی ئەم دۆخە لەم چەند مانگەدا لە چەند پرسپێکتیڤی جیاوازەوە.
کۆنفڕانسەکە پێکهاتبوو لە ٨ پەنێل، لە هەر پەنێلدا ٢ میوان بابەتەکانیان پێشکەش کرد، هەوڵ درا شێوەی بەرێوەبەری پەنێلەکان بە پێی مێتۆد و تەکنیکی نوێی بێ،  بۆ ئەوەی خۆ ببوێرین لە پێشکەش کردنی تەنیا وتار لە لایەن میوانەکان، بەڵکوو هاوکات بۆ پێکهێنانی دیالۆگ و گفتووگۆ و پرۆدۆکتیڤ بوونی زیاتر بەشداربووانیش بە پرسیار و بیرو ڕایان لە پەنێلەکاندا بەشدار بن.
لایەنی ماڵی ئەم پرۆژەیە چەند ناوەند و رێکخراوی کوولتووری شاری هانۆفەر و ئیالەتی نیدرزاکسنەوە  سپۆنسەریان لە ئەستۆ گرتبوو.
هەروەها بۆ ئەوەی بزاڤ بتوانێ  لە رووی ئابوورییەوە سەربەخۆ بەردەوام بێ، بیر لەوە کرابوو کە بەرهەمەکانی بە نرخێکی گۆنجاو و دیاریکراو بڵاو بکاتەو، بۆیە چون پرۆژەکانی ئەمساڵ بۆ یەکەمجار لەم کۆنفڕانسەدا بڵاو بوونەوە بەباشی زانی بەشداری لەم کۆنفڕانسەدا بە تیکێت بێ.
بەڕێوەبەرانی ئەم بزاڤە لە رۆژی هەشتی مارسی ٢٠٢٣ دامەزڕاندنی ئەم بزاڤەیان راگەیاند و لە ٤.٠٦.٢٠٢٣ بە رەسمی دامەزرا. هاوکات لەگەڵ راگەیاندنی خۆیان سێ پرۆژەی تایبەتیان دەستپێکرد کە لەم کۆنفرانسەدا  ناسێنران و پێشکەش کران، کە بریتین لە:

کۆبەندی پەڕتووک بۆ منداڵان بە زمانی کوردی بەنێوی ”واری زمانی کوردی” لە نووسینی کازیوە قولەری-ئەنامقی، وەرگێڕانی بۆ زمانی ئینگلیزی د. نەشمین ئیبراهیمی، وەرگێڕانی بۆ زمانی ئاڵمانی کلاوس شترمپێل.
بەڵگە فیلم سەبارەت بە مێژووی بزاڤی فێمنیستی لە کوردستان کە پرۆژەیەکی درێژخایەنە و لە زنجیرە فیلمێکدا لە ڕوانگەیەکی دیالیکتییەوە تیشک دەخاتە سەر پرسی جێندەر و وشیاری نەتەوەیی و بەژداری ژنان لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان بە دەرهێنەری ئەسرین ئەسکەندەری. بەشی یەکەمی ئەم زنجیرە دۆکیومێنتارییە بۆ کۆنفرانس ئامادە نەبوو، هەربۆیە لە کۆنفرانسدا نەمایش نەکرا.
بەڵگەفیلمی سارا (یەک کاتژمێر) کە ئاماژەیە بە ئەزموونی ژیانی سارا لە سێ ساڵی قۆناغی ڕاگۆزیی (ترانزیشن)، بە بەشداری سارا و فریشتە ئێبراهیمی وەک پسپۆڕی دەروونناسی و ئەفشین غوڵامی وەک کۆمەڵناس و دەرهێنەری ئەسرین ئەسکەندەری.
کۆنفرانسی هانۆفەر کاتژمێر ٩:٠٠ بەیانی ڕۆژی شەممە  ٢٩.٧-٢٠٢٣ لە هۆڵی کوونستلێرهاوس لە شاری هانۆفەر بە ناساندنی بزاڤی رۆشنگەری ژنانی کوردستان، ناساندنی دامەزرێنەرانی بزاڤ،  ئامانجەکانی بزاڤ و هەروەها ئامانجی کۆنفرانس لە لایەن ئەسرین ئەسکەندەرییەوە دەستی پێکرد. پرۆتکۆلی بەڕێوە بردنی پانێلەکان بەشێوەی بەشداری کارامەی پانێلیستەکان و گوێگران بوو. هەر پانێلیستێک ماوەی ١٥ خوولەک مژارەکەی ئاڕاستەی بەردەنگ دەکرد و پاشان ماوەی ١٥ خوولەک بەشداربووان پرسیار و پێشنیاریان سەبارەت بە مژارەکە ئاراستەی پانێلیست دەکرد و لە ١٥ خوولەکی کۆتاییدا، پانێلیست باسەکەی کۆ دەکردەوە.
پانێلی یەکەم بە بەشداریی ئەنیسا جەعفەریمهر و ئیبراهیم فەڕشی و بەڕێوەبەری د. نەشمین ئیبراهیمی سەبارەت بە مژاری ”گرنگی فەربوون بە زمانی دایک لە ڕوانگەی زانستی زمانناسی و پێداگۆگییەوە” ئاماژەی بە چەند پرسی گرنگ کرد. لەم پانێلەدا ئەنیسە جەعفەریمهر تیشکی خستە سەر گرنگی لەبەرچاو گرتنی فرە-زاراوەیی زمانی کوردی و پشتگوێ نەخستن و پەراوێز نەخستنی هەرکام لە زاراوە و بن زاراوەکانی زمانی کوردی لە ئەگەری هەر گۆڕانکارییەکی سیاسی لە داهاتووی کورستان لە بوارە جۆراوجۆرەکان، بەتایبەت لە بواری میدیا و پەروەردە. هەروەها ئاماژە بە هژموونی زمانی داگیرکەر و زمانی ئینگلیزی کرا وەک یەکێک لە زمانە سەپێندراوەکان کە لە سەردەمی گڵۆباڵدا بووە بە زمانی پێویست و زمانی زاڵ.
ئیبراهیم فەڕشی ئاماژەی زیاتر بە نێرۆلێنگویستیک neurolinguistic)) کرد و کارکردی یادگەی کورت خایەن و درێژخایەنی لە فێربوونی زمان خستە روو. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە قەدەغە کردن لە فێربوونی زمانی دایک و فێربوون بە زمانی دایک کاریگەری نەرێنی لەسەر ئاستی متمانەبەخۆ بوونی تاک هەیە.
پانێلی دووهەم بریتی بوو لە مژاری  ”ژنانی شۆڕش ولە کۆماری کوردستانەوە بۆ شۆڕشی ژینا” بە بەشداری کوێستان فتوحی و فەریبا موحەممەدی و بەڕێوبەری کازیوە قولەری-ئەنامقی. کوێستان فتوحی باسی هاتنە گۆڕەپانی ژنانی کوردی هێنا ئاراوە لە سەردەمی کۆماری کوردستان و گرنگی بەشداری ژنان لە کۆماری کوردستان باس کرا. کوێستان فتوحی ئاماژەی بەمە کرد کە بۆئەو سەردەمی بزووتنەوەیەکی گونجاو و پێشکەوتووخوازانە بوو بەڵام ئەگەر بە ڕوانگەی ئێستاوە سەیری بکات، دیارە ڕەخنەی دەبێ. فەریبا محەممەدی ئاماژەی بەوە کرد سەرەڕای ئەوەیکە ڕەوتی کۆمەڵە پێشەنگ بووە لە هێنانی ژنی کورد بۆ جەرگەی خەبات، بەڵام نکۆڵی لەوە ناکرێت کە تاکوو ئێستا ژنان بەرەوڕووی کۆمەڵێ کێشە دەکرێنەوە. لەم پانێلەدا جەوهەری سەرەکی باسەکان ژنانی شۆڕش و پێگەی ژنان لە ناو حیزبەکانی ئۆپۆزسیونی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەرجەستە کرانەوە. ڕەخنەیەکی کە لەم پانێلە گیرا ئەوە بوو کە بۆچی بەشداری بە ژنانی پارتەکانی دیکە نەکراوە. وڵامی ڕەخنە ئەوە بوو کە پێوەری هەڵبژاردنی پانێلیستەکان حیزب و حیزبایەتی نەبوو، بەڵکوو لە لایەک سەربەخۆیی فیکری و یاخی بوون و لە لایەکی دیکە خاوەن فیکر و ئەندیشە بوون و  شارەزا بوون لە بواری خۆیاندا و بەرهەمهێنەربوون بوو.

پانێلی سێیەم ”مێژووی بزووتنەوەی ژنان و خەباتی مەدەنی” بە بەشداری پەروین ئەردەڵان و کازیوە قولەری-ئەنامقی و بەڕێوەبەری نەشمین ئیبراهیمی بەڕێوە چوو. بڕیار بوو بەڵگەفیلمی مێژووی فێمنیزم لە کوردستان نمایش بکرێت کە بەهۆی ئامادە نەبوونی فیلمەکە، لە پرۆگرامی پانێلەکە لادرا.  مێژووی سەرهەڵدانی فێمنیزم لە ئێران، کێشە و گرفتەکانی ژنان پاش شۆڕشی ٥٧ و بڕیاری حیجابی ئیجباری، فێمنیستەکانی ناوچە پەراوێزخراوەکان، فێمنیستی ناوەند و گوشارەکانی دەزگای ئیتلاعاتی ئێران لەسەر فێمنیستەکان توخمە سەرەکییەکانی باسی پەروین ئەردەڵان بوو. پەروین ئەردەڵان ئاماژەی بەوە کرد کە چالاکانی فێمنیست لە ناوخۆی ئێران نەیانوێرا باسی کوییر لەگەڵ یەکدی بکەن هەتا ئەو کاتی کە پەڕیوەی هەندەران بوون و بۆ یەکەمجار کوییر بوونی خۆیان ئاشکرا کرد.
کازیوە قولەری-ئەنامقی بە پرسیاری ”ئێپیستمەی ژنی کورد بۆ کوێ دەگەڕێتەوە” لە بەشداربووان باسەکەی دەست پێکرد. تەوەری باسەکەی ئاماژە بوو بە دایک-خودایی لە مێزۆپۆتامیاوە تاکوو دەگات بە کۆمەڵگای ئەمڕۆی کوردەواری. لە ڕوانگەی کازیوەوە کوردستان تاکوو سەردەمی هەنووکە، کۆمەڵگایەکی دایک-مەزنە.

پانێلی چوارەم ”میدیای سەربەخۆ-چاخی پێوەندییەکان و ژیریی دەسکرد” بە بەشداری ڕووناک ڕەسولپوور و ئاران ئەمینی و بەڕێوبەری ئەسرین ئەسکەندەری ئاماژەی بە پێویستی میدیای سەربەخۆ کرد، ژیریی دەسکرد و بۆشایی پێگەی هونەری لە میدیا کرد. ڕووناک ڕەسوڵپوور ڕوونکردنەوەی سەبارەت بە هونەری نیگارکێشی و نەبەخشینی تریبونی تایبەت بە هونەرمەندان و هەروەها گرفتەکانی هونەر و وێنە و نیگار لە پاش سەرهەڵدانی ئیسلام ئاراستەی بەشداربووان کرد.
لە بەشی ژیریی دەسکرد، ئاران ئەمینی ئاماژەی بە هەژاریی داتای زمانی کوردی (بەتایبەت زاراوەی کورمانجی) لە جیهانی سایبێریدا کرد. هەروەها باسی هەوڵەکانی هۆژان/هۆژین و ئاسۆسافت لەمەڕ پرۆگرام کردنی زمانی کوردی لە ژیری دەسکرد کرد.
لەم پانێلەدا دوبارە جەخت لەسەر ئەوە کراو کە نەبوونی میدیای سەربەخۆ یەکێک لە بۆشاییەکانە لە شۆڕشی ژینادا.

کۆنفرانسی ڕۆژی شەممە بە ئێوارەی شیعر، ئەدەبیات و موزیک بە بەڕێوەبەری گوڵاڵە کەمانگەر کۆتایی پێهات. لەم بەشەدا نێرگس  و  شارام کەمانگەر و دلێر کەمانگەر چەند گۆرانی کلاسیک و مۆدێرنیان پێشکەش بە میوانەکان کرد. د. نەسرین باباخانی بە چیرۆکی سەری بڕاویی ژنێک لەخەودا، ژیار جەهانفەرد بە چیرۆکی جیهانبینی کۆرپەڵەیەک لە زگی دایکییەوە و هێدین بە شیعرو تیشکە مەرەسەنە بە وتارێکی کورت سەبارەت بە  ئەدەبیات فمینیستی لەم کۆڕە ئەدەبی-فەرهەنگییەدا بەشداریان کرد. ئەوەیکە لەم کۆڕەدا زۆر بەرچاو و جێگەی سەرنج بوو فرە-زاراوەیی زمانی کوردی بوو کە دەولەمەندی زمانی کوردی زیاتر بەرجەستە کردەوە و زاراوەکانی کەلهووڕی، هەورامی، کورمانجی و سۆرانی لە قاڵبی گۆرانی و شێعر و چیرۆکیان بە گوێی بەردەنگ چرپاند.


ناساندنی بزاڤی رۆشنگەری ژنانی کوردستان لە لایەن ئەسرین ئەسکەندەری

You may also like

Back to Top